Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ بهمن ۲۱, شنبه

مێردەکەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتە سێکسییەکانی لێدەکات


نا بۆ تووندۆتێژی دژ بە ژنانی داموەی چەوساوی کورد 

مێردەکەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتە سێکسییەکانی لێدەکات


ئا: سارا قادر
"ڕەزالەت‌و ئازاردان‌و بێدەربەستی مێردەکەم گەیاندمییە ناو کونجی زیندان، ئەو لەهەر ئاژەڵێکی دڕندە توندتر پەلاماری دەدام‌و هەمو لەشی تێکدەشکاندم تا هەمو ژیانم جگە لەبەرێکردنی چەند رۆژێکی بێ مانا هیچی تێدا نەماو خستمییە داوی ئەم زیندانەوە".

وشرا بەر لەوەی بچێتە زیندانەوە هەرگیز چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد مێردەکەی کە پورزای خۆیەتی چارەنوسی بەو ئاراستەیەدا ببات‌و هەڕەشەی بڵاوبونەوەی سی دی لێبکات.

بوشرا چۆن شوی بەکوڕە پورەکەی کرد؟
ئەو  10 ساڵ لەمەوبەرو لەتەمەنی 18 ساڵیداو زۆر بەگەنجی شوی بەکوڕی پورەکەی کردوە، هەر لەسەرەتاوە ژیانیان پڕ لەکێشەو ناکۆکی بوە، وەک خۆی وتی "هەر زو تۆرام‌و چومەوە سەر ماڵی باوکم، بەڵام لەبەر ئەوەی خوشکەزای باوکم بو هەمو جارێ دەهاتە لای باوکم‌و یان دایکی دەنارد کە خوشکی باوکمە ئیتر بەدەست ماچکردن‌و په‌یمانی درۆ کە باش دەبێت منیان وەک چەپکە گوڵێکی ژاکاوی بێ ڕەنگ دەدایەوە دەستی‌و هەر دو رۆژی پێنەدەچو دەکەوتەوە لێدان‌و ئازاردانم".

تاڵی ژیانی بوشرا تەنها ئەوەندە نابێت کە مێردەکەی ڕەزیلەو پارەی ناداتێ یان دڵی پیسەو ناهێڵێت بچێتە دەرەوە، بەڵكو دەیەوێت بیکاتە عەبدی خۆی‌و تەنانەت بەردەمی دەرگاو ماڵەکەی خۆشی نەبینێت. 

مێردە خوێندەوارە بەناو فەرمانبەرەکەی رۆژ بەرۆژ ئازادییەکانی بەرتەسکدەکاتەوەو وای لێدەکات کە نەچێت سەدانی ماڵی باوکیشی بکات‌و نابێت ماڵی باوکیشی هاتوچۆی بکەن. ئەو بەگریانەوە وتی "بڕوا بکە براکانم یان باوکم‌و دایکم دەهاتنە سەر سوچی کۆڵانەکەو لەوێ بیست دەقەیەک بەیەکەوە قسەمان دەکردو پارەیان دەدامێ‌و دەڕۆشتن چونکە ئەم پیاوە بەهیچ جۆرێ خەرجی نەدەدامێ‌و ماڵی باوکم بەخێویان دەکردم".

ژیانی چۆن بەسەردەبرد؟
وەک خۆی باسیکرد بوشرا هەر لەسەرەتاوە لەنێو کەژاوەی خەمێکی بێ کۆتادا دەژی‌و هەمیشە دەرفەتی رزگاربون لەو جۆرە ژیانە بەمەحاڵ دەزانێت چونکە زیاد لەچەندان جار تۆراوەو هاتۆتە سەر ئەوەی جیاببێتەوە لەمێردەکەی بەڵام قبوڵ نەکراوەو ڕێگەی لێگیراوە، لەوەش زەحمەتتر بۆ ئەم ساتەی ئەو بونی کچێکی حەوت ساڵان‌و کوڕێکی سێ ساڵانە، کە ئەوەندەی تر ڕەوشەکەی لێ ئاڵۆز کردبو، چیتر ماڵی باوکیشی کە لەو شارە نەماون‌و نەیانتوانیوه‌ لەکاتی هەر ئازاردانێکی بوشرادا بەفریای بکەون، بۆیە دواجار کە پیاوێکی دراوسێی‌ ماڵی بوشرا دەکەوێتە نێوان بوشراو مێردەکەیەوەو سوڵحیان دەکات، براکانی دەبنە وەکیلی خۆیان‌و ڕێگەی پێدەدەن کە لەبری ئەوان لەزاواکەیان بپرسێتەوە ئەگەر ئازاری خوشکەکەیانیدا، بەڵام ڕێگەی سەختی بوشرا لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە ئەم پیاوەی دراوسێیان دێتە ژیانییەوە.

چۆن دراوسێکەیان بوە دۆستی؟
سەرلەبەیانییەکی مانگی حوزەیران‌و لەکاتی بەرەو گەرما چوندا بوشرا جلەکانی مناڵەکانی لەسەربان هەڵدەخات لەو کاتەدا کەمال بەبۆنەی چاککردنی سەتەلایتەوە خۆی دەگەیەنێتە سەربان‌و بەبوشرا دەڵێت" بێزەحمەت تەلەفۆنێکم بۆ ناکەیت وابزانم مۆبایلەکەم تێکچوە ژمارەی ئەو وەستایەم بۆ وەرناگیرێت" بوشراش مۆبایلەکەی بەدەست کچە بچوکەکەیەوە دەبێت‌و بە کەمال دەڵێت "وەڵا دەستم گیراوەو لای خۆم نییە" راستەوخۆ کەمالیش لەمناڵەکەی وەردەگرێت‌و لەو مۆبایلەوە تێل بۆ خۆی دەکات تا ژمارەکەی بوشرای لەلا تۆمار دەبێت. ساتەوەختی دەستکەوتنی ئەو ژمارەیە سەخترین ساتی بوشرا دەبێت چونکە ئیتر لەو ڕێگەیەوە کەمال هەمو ژیانی داگیر دەکات‌و ژیانی بەرەو هەڵدێر دەڕوات.

چۆن پەیوەندییان دەستپێکرد؟ 
هەر دوای چەند رۆژێ کەمال تەلەفۆن بۆ مۆبایلەکەی بوشرا دەکات‌و کاتێک بوشرا دوای لێدەکات خۆی بناسێنێت، دەڵێت" کەمالی دراوسێتانم من دەزانم تۆ وەک برا سەیرم دەکەیت، بەڵام من ناتوانم هەمان تێڕوانینم هەبێت چونکە تۆ ژنێکی زۆر باشیت، ئەوەندەی من ئاگاداری کێشەکانتانم مێردەکەت زۆر غەدرت لێدەکات من دەمەوێت لەنزیکەوە ئاگام لێت بێت‌و نەهێڵم توشی ئەو هەمو ناخۆشییە ببیت چونکە تۆ شایستەی ژیانێکی باشتری"، وەک بوشرا وتی "ئەم قسە هەڵخەڵەتێنەرانەی کەمال‌و بێنازی‌و دڕندەیی مێردو بێپارەیی خستمییە داوی عەشق‌و دڵداری کەمالەوەو پەیوەندیمان دروستکردو رۆژانە یەکتریمان دەبینی".

ئاشکرابونی پەیوەندییەکەیان!
لەبەرئەوەی مێردەکەی بوشرا فەرمانبەر دەبێت بەیانیان لەماڵەوە نابێت، بۆیە هەر ئەو دەڕوات دوای چەند ساتێکی کەم کەمال دو مناڵ‌و ژنەکەی خۆی جێدەهێڵێت‌و خۆی دەکات بەماڵی بوشراداو هەمو پەیوەندییەکیان دەبێت، بەڵام ئەم پەیوەندییە درێژە ناکێشێت‌و هەر سێ مانگێک بەردەوام دەبێت چونکە "هەر لەسەرەتای پەیوەندییەکەیانەوە مێردەکەی بوشرا هەستی پێدەکات".

دانانی کامێرا بەنهێنی!
مێردی بوشرا هەر کە هەست دەکات کەمال‌و بوشرا شتێکیان هەیە لەهەمو ماڵەکەداو لەناو سەقفەکەدا کامێرا بەنهێنی دادەنێت‌و لەهەمو سەردانێکی کەمال‌و پەیوەندییەکەیان ئاگادار دەبێت، بەڵام قسە ناکات تا سێ مانگی تەواوی بەسەردا دەڕوات، ئه‌و کات ئێوارەیەک بەبوشرا دەڵێت ئایا کەمالی دراوسێیان سەردانیان دەکات؟ بوشرا بێگومان نەخێر. 

بەڵام مێردەکەی دەچێت سی دی ئەو سێ مانگەی کە تۆماری کردوە دەردەهێنێت‌و هەموی دەخاتە بەرچاوی بوشرا. ئیتر بەناچاری بوشرا جارێکی تر دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی‌و لای ئەوانیش دان بەو ڕاستییەدا دەنێت کە لەگەڵ کەمال چی کردوە مێردەکەشی سیدییەکان دەباتەوە بۆ ماڵە باوکی بوشرا. لەم ساتەدا ڕەوشی ژیانی بوشرا رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، لەماڵە باوک بەچاوێکی کەم تەماشا دەکرێت‌و کەسیش ئاوڕی لێناداتەوە تا بیست رۆژێ لەمەوبەر لەلایەن پۆلیسەوە تەبلیغ دەکرێت کە سەردانی بنکەیەکی پۆلیس بکات‌و لەوێ ڕاستەوخۆ دەستگیر دەکرێت، چونکە مێردەکەی شکاتی لەبوشراو دۆستەکەشی کردوە.

مێردەکەی به‌بڕی چه‌ند گرته‌کانی بڵاوناکاته‌وه‌؟ 
دوای ئەوەی بوشراو کەمال دەگەیەنێتە زیندان ئێستا مێردەکەی هەڕەشەی ئەوە دەکات گەر سوڵحی عەشایەری لەگەڵدا نەکەن‌و 100 هەزار دۆلار -10فتەر دۆلار- نەدەنێ هەمو ئەو گرتانەی بوشراو کەمال لەبازاڕدا بڵاودەکاتەوە، بوشرا بەگریانەوە وتی " ئەوە من هەڵەیەک بو کەمال پێی کردم، بەڵام بۆ مناڵەکانم باجی هەڵەی من بدەن‌و سەرشۆڕی ناو خەڵکی بن من هەر دایکیانم چۆن سبەینێ لەناو خەڵكدا سەر هەڵببڕن، چونکە ماڵە باوکی من ناتوانن دەهەزار دۆلاریشم بۆ بدەن نەک سەد هەزار".

ئێستا بوشرا لەکونجی زیندانی ژنان گیری خواردوەو تەنها داواکاری لەحکومەت‌و بەرپرسان‌و کارمەندانی زیندان ئەوەیە بتوانن کاتێکی بۆ دابنێن تا کەمال ببینێت کە لەبەشی پیاوانەو داوای لێبکات کە حاشا لەهیچ نەکات چونکە بەڵگەکان لەبەر دەستدان، وە ئەو پارەیە پەیدا بکات "تا لەوە زیاتر حەیامان نەچێت".

تێبینی" لەبەر هەستیاری بابەتەکە ناوەکان خوازراون.
ئاوینە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر